فۆنتی کوردی دابه زێنه ژماره ی سه ردان به خێربێن بۆ ماڵپه ڕی شاره زوورپۆست میوانانی سه رهێڵ





 

تۆفیق وه‌هبی

تۆفیق وه‌هبی به‌گ كوڕی مه‌عروف، ‌له 1\1\1891، له ‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌.
هێشتا منداڵ بووه كه باوكی كۆچیدوایی كردووه‌، خوێندنی سه‌ره‌تایی له ‌شاره‌كه‌ی خۆی ته‌واوكردووه‌و ‌ساڵی 1904 چووەتە به‌غداو خوێندنی ناوه‌ندیی‌و ئاماده‌یی سه‌ر‌بازیی به پلەی باش ته‌واوكردووه‌.
پاشان ڕوویكردۆته شاری ئه‌سته‌مبۆڵی پایته‌ختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا، له كۆلێژی ئه‌ركان وه‌رگیراوه‌و بۆته ئه‌فسه‌ری ڕوكن له سوپای عوسمانی دا.
كه جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له ‌ساڵی 1914دا ڕوویداوه، به‌شداری له شه‌ڕی “چه‌نه قه‌لعه‌” له ده‌رده‌نیل دا كردووه‌و له‌ دوایی دا ڕه‌وانه‌ی خوارووی عێراق كراوه بۆ به‌شدارییكردن له ‌به‌ره‌ی جه‌نگ ‌دژی هێزه‌كانی بریتانیا له “شوعێبه‌”و له‌كاتی كشانه‌وه‌ی سوپای عوسمانی به‌رامبه‌ر به هێزه‌كانی بریتانیا له مانگی ئه‌یلوولی1917 دا به‌شدارییكردووه له‌ به‌ره‌ی جه‌نگی ڕومادی‌و كاتێكیش كه ئه‌و شاره كه‌وتۆته چنگ هێزه‌كانی ئینگلیز ئه‌م به‌خۆی‌و له‌شكره‌كه‌یه‌وه به‌ره‌و شاری (هیت) كشاوه‌ته‌وه.
‌ساڵی 1918 گواستراوه‌ته‌وه بۆ به‌ره‌ی جه‌نگی فه‌لەستین‌و پایه‌ی سه‌ر‌بازیی به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ پله‌ی ڕائیدو مه‌دالیای قاره‌مانی له ‌سەر‌كرده‌ی ئه‌ڵمان وه‌رگرتووه‌، ئه‌وه‌ی شایانی باسه زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی تیپی سوپای عوسمانی ژه‌نه‌ڕاڵی ئه‌ڵمان بوون، چونكه له‌و جه‌نگه‌دا عوسمانی‌و ئه‌ڵمانیا هاوپه‌یمان بوون له دژی بریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیاو ئه‌مریكا شه‌ڕ‌یان ده‌كرد.
كاتێك كه ئه‌و جه‌نگه جیهانییه به ‌شكانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاوپه‌یمانه‌كانی له ‌مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 1918دا كۆتاییهات، تۆفیق وه‌هبی به‌گ گه‌ڕایه‌وه كوردستان‌، دواتر چووه به‌غداو بووه یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره دیاره‌كانی كورد له ‌دامه‌زراندنی سوپای عێراق له ڕۆژی 6ی كانوونی دووه‌می 1921دا.
كاتێك كه شێخ مه‌حمودی حه‌فید له ساڵی 1922دا له هیندستان گه‌ڕێنرایه‌وه سلێمانی‌و بووه‌وه بە مەلیکی كوردستان، تۆفیق وه‌هبی به‌گ له ‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵە -1922- دا چووه پاڵ بزووتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌ی كورد کە پاشان بزووتنه‌وەکەو فه‌رمانڕەوا‌كه‌ی شێخی نەمریش به‌ده‌ستی ئینگلیزه‌كان له‌ناوبران.
تۆفیق وه‌هبی به‌گ بۆ ماوه‌ی 42 ڕۆژ گیرا كه ئازادكرا له دوا دوای ساڵی 1923دا كرا به كارگێڕی بزووتنه‌وه‌كان له وەزارەتی به‌رگریی عێراق، له ‌مانگی ئابی 1925یشدا كرا به به‌ڕێوبه‌ری قوتابخانه‌ی سه‌ربازیی له به‌غداو پله‌ی سه‌ربازیی بووه موقه‌دده‌م‌و له ‌ساڵی 1929 دا نێردرا بۆ ئینگلته‌ره بۆ به‌شدارییكردن له خولێكی به‌رزكردنه‌وه‌ی شاره‌زایی سه‌ربازیی‌.
‌ساڵی 1930، پله‌ی عه‌قیدی پێدراو كرا به موته‌سه‌ریفی پارێزگاری سلێمانی، به‌ڵام به‌ر له‌‌ قه‌ومانی شه‌ڕ‌ی 6ی ئه‌یلوولی 1930ی بەرده‌ركی سه‌رای سلێمانی، له كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه، كه‌چی له ‌ساڵی 1931 له ‌دوا شه‌ڕی شێخ مه‌‌‌حمود له ئاوباریك له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌رمانڕه‌وایی عێراق ماوه‌یه‌ك گیراو تاوانی هاندانی خه‌ڵكیان بۆ داواكردنی فه‌رمانڕه‌وایه‌كی كوردی خسته‌پاڵ‌و ماوه‌یه‌ك بێكارو فرمان مایه‌وه، تاكو له‌ ساڵی 1946 ئه‌م كه‌سێتییه ‌ناودارەی كورد، كرا به وەزیری ئابووریی عێراق له کابینەکەی حه‌مدی پاچه‌چی داو دوای ئه‌وه‌ش تاكو ساڵی 1958 گه‌لێك جار به‌ناوی كوردەوە كراوه به‌ وەزیری به‌رگریی‌و مه‌عاریف.
له ‌سه‌ره‌تای ساڵی 1958دا كرا به ئه‌ندام له ئه‌نجومه‌نی پیاوماقووڵانی عێراق “مجلس الاعیان” و له‌دوای شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی ساڵی 1958 دا عێراقی جێهێشت‌و چووه شاری له‌نده‌ن‌و دوا ساڵه‌كانی ژیانی لەوێ به‌سه‌ر برد، لەوێش هه‌ر خه‌ریكی نووسینی مێژووی كوردو بابه‌تی زمانه‌وانی كوردی بوو، تاكو له ڕۆژی 5\1\1984 له‌و شاره له ته‌مه‌نی 93 ساڵی دا كۆچیدوایی كرد‌و له‌سه‌ر وه‌سێتی خۆی ته‌رمه‌كه‌ی هێنرایه‌وه بۆ سلێمانی‌و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی خۆی له ‌چیای پیره‌مه‌گروون له ته‌نیشت گۆڕی پیاوچاكی كورد پیره‌مه‌گروون-ـه‌ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، به‌خاك سپێردرا


 




شاره زوورپۆست بنێره بۆ هاوڕێکانت ئه‌م لاپه‌ره‌ کۆپی بکه‌ شاره زوورپۆست بکه به ده ستپێک
مافی پارێزراوه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی
www.Sharazurpost.com
Copyright 2010-2012  Sharazurpost.Com. All rights reserved. Created by | Webmaster